بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیار لەسەر مووچەی هەرێم کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دادوەرەکانی دادگاکە کۆبوونەوەکە دواخرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی کەوتووە هۆکاری سەرەکی دواخرانی کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەکی دادگای فیدراڵی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە کە تا ئێستا هۆی دەستلەکارکێشانەوەکە دیار نییە.
لە لایەکی ترەوە چرۆ حەمەشەریف پەرلەمانتاری عێراق، بە میدیای یەکێتی وتووە: " کۆبوونەوەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە مووچەی هەرێم ئەمڕۆ ئەنجام نەدرا و دواخراوە".
سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکرد: "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی من کردوومە لە یەکێک لە دادوەرەکانی دادگاکەوە، پێم ڕاگەیانرا کە دواخستنی کۆبوونەوەکەی دادگاکە بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دادوەرەکانی دادگاکەوە بووە".
بڕیاربوو دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ تایبەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە بۆ دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ ناردنی مووچە، تەنانەت لە ئەگەری تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دادوەرە سەرەکییەکانیش، بە دادوەرە یەدەگەکان شوێنی دادوەرە سەرەکییەکان پڕ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.