دادوەر ڕزگاری محەمەد ئەمین، دادوەری شارەزای عێراقی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دەرکردنی فەرمانی سالاری نابێت دوابکەوێت، دورترین وادە بۆ دەرکردنی ڕۆژی دوای پێشکەشکردنی داواکاریەکەیە واتا نابێت لە ڕۆژێک زیاتر دوابکەوێت".
وتیشی" سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی ئەگەر ئەندامەکانیشی دەستیان لەکارکێشابیتەوە بەتەنها دەتوانێ فەرمانەکە دەربکات، بەتایبەت کە بڕیارێکی پێشووی دادگای فیدڕاڵی جەخت لەسەر خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکاتەوە".
شایانی باسە هەندێک لە سەرچاوە کوردییەکان لەبەغدا ڕایدەگەیەنن ئەگەری ئەوە هەیە ئەو هەفتە فەرمانی سالاری بۆ خەرجکردنی مووچە دوای زیاتر لە پەنجا ڕۆژبەسەر دابەشنەکردنی موچە دەربچێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینی عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دادگای باڵای فیدراڵی لایەنی رێگەپێدراوە بە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بۆیە ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەی دادوەرەكانی دادگای فیدراڵی پەسەند بكرێت، ئەمە كاریگەریی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبت کە بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت".
رۆژی پێنج شەممە ١٨ی حوزەیران حاکم دیار محەمەد عەلی لە پشکی یەکێتی یەکێکە لەو دادوەرە سەرەکییانەی کە لەگەڵ ٥ دادوەری سەرەکی دیکە و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی جاسم عەبود، سەرۆکی دادگاکە کردووە.