دایکانی گەریلا شەهیدەکان و سەربازە کوژراوەکانی تورکیا بۆ پاڵپشتیی پرۆسەی ئاشتی کۆبونەوە

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی (IHD) لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا، دایکی ئەو گەریلا و سەربازانەی لە روبەڕوبونەوەکاندا گیانیان لەدەستداوە، کۆدەکاتەوە.

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD)، لە چوارچێوەی کارەکانی پشتیوانی بۆ پرۆسەی چارەسەری، ئەمڕۆ و سبەی لە هۆتێلێکی شارەکەدا کۆبونەوەیەکی تایبەت بە ناونیشانی "رێگەی بەرەو ئاشتی و دادپەروەری" رێک دەخات.

بڕیارە بەشێک لە دایکانی ئەو گەریلا و سەربازانەی لە روبەڕوبونەوەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیادا گیانیان لەدەستداوە، بەشداری لە کۆبونەوەکەدا بکەن.

لای خۆیەوە ئەرجان یڵماز، سەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەکە رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرسی کورد بە "شێوەیەکی دروست" چارەسەر بکرێت، چەندین کۆبونەوە، وۆرکشۆپ و کۆڕبەندی جیاواز رێک دەخرێن. 

 یڵماز وتیشی: "یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان ئەوەیە، پێویستە ئەو کەسانەی بەهۆی هەمان کێشەوە ئازاری جیاواز یان هاوشێوەیان چەشتوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیوەندییان پێکەوە نەبووە، بتوانن دابنیشن و قسە بکەن، باسی لەوەشکرد، پێویستە لە قۆناخەکانی داهاتودا کاری لەم شێوەیە لە شارەکانی رۆژئاوای تورکیاش بکرێت 




PM:05:11:21/06/2025