سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دواین هەڵوێستی خۆی لە بارەی پڕۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، هیوادارە پێش دەسپێکردنی پشوی هاوینەی پەرلەمان کۆبونەوەی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی ئەنجام بدەن و کۆمسیۆنی ئاستی دروست بکەن. 

نوعمان کورتوڵموش، لە میانی سەردانێکیدا بۆ برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بە ئامانجی بەشداری کردن لە کۆبونەوەی لوتکەی پەرلەمانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ڕۆژنامەنوسان دوا و باسی لە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد کرد. 

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتی" لە بەشێکی زۆری تورکیا پاڵپشتی کۆمەڵایەتی هەیە بۆ پڕۆسەی ئیمڕاڵی، زۆر گرنگە لە ئێستا بەدواوە پەرلەمانیش بەشداری پرۆسەکە بکات، چونکە پەرلەمان بەرپرسیارێتی هەیە". 

سەرۆکی پەرلەمنای تورکیا وتیشی" هیوادارم بە زووترین کات دەست بە کارەکانمان بکەین، پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، کۆمسیۆنێک بۆ چارەسەری دابمەزرێنین".

دروستکردنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیاوە بە ئامانجی پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورک یەکەمجار داوای پارتی گەلی کۆماری جەهەپە بو، بەڵام دواتر هەریەکە لە دەمپارتی و عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕیبەری پەکەکە و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا مەهەپە هەمان داواکاریان کرد. 




PM:06:01:21/06/2025