زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەم هەفتەیە کێشەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەکرێت". 

ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند" کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە تەواوی لەسەر تەواوی دامەزراوەکانی عێراق دەرکەوتووە".

وتیشی" بەهۆی ئەو فشارانەوە بوو، نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستییان لەکارکێشایەوە کە پێشتر نەبووە". 

دلێمی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلایی کردووەتەوە کە پێویستە مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان بدرێت بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر، چونکە ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە دوو رۆژی رابردوودا چەندین گفتوگۆ هەبووە و دەستپێشەخەری هەیە بۆ ئەوەی لایەنی کەم مووچەی مانگی پێنج ئەم هەفتەیە دابەشبکرێت، دۆخی عێراق باش نییە و پێویستی بە یەک ریزییە، ئەم یەکریزییەش بە دابەشنەکردنی مووچە و برسیکردنی خەڵک بەدی نایەت، بۆیە بەپێی زانیارییەکان ئەم هەفتەیە پرسی مووچە چارەسەر دەبێت.



PM:11:02:21/06/2025