نزیکەی هەزار خێزانی عێراقی کەمپی هۆل بەجێدەهێڵن

ئەمڕۆ ٢٣٩ خێزانی عێراقی کە لە ٩٤٤ کەس پێکهاتبوون، کەمپی هۆلیان لە لادێکانی حەسەکە بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ خاکی عێراق.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، لە چوارچێوەی پرۆسەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لیژنەی ئەمنی و لیژنەی کۆچ و ئاوارەیی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە وەجبەیەکی نوێ لە خێزانە عێراقییەکانی نیشتەجێی کەمپی هۆل گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەجبەی نوێ ٢٣٩ خێزانی عێراقی لەخۆگرتبوو کە لە ٩٤٤ کەس پێکهاتبوون.

گەشتی گەڕانەوەیان لە ژێر چاودێری پاسەوانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی قۆناغی کۆتایی گواستنەوەی خێزانە عێراقییەکان بۆ وڵاتەکەیان بووە. 

کەمپی هۆل، کەوتووەتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کە نزیکەی ١٣ هەزار پەنابەری عێراقی و ١٥ هەزار ئاوارە سوری تێدا نیشتەجێیە، ئەمە جگە لە شەش هەزار و ٣٨٥ ژن و منداڵی چەکدارانی داعش. 



PM:08:32:22/06/2025