"پێویستە حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات"

هەر چوار سەرۆکایەتییەکانی عێراق ئیدانەی بۆردومانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکەن، هەروەها سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەی پارەی فیدراڵی.

ئەمشەو یەکشەممە هەریەک لە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زەیدان سەرۆکی دادوەری عێراق، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاردانەوەکانی شەڕی ناوچەکە کۆبوونەوە. 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر پێشێلکارییەکی سەروەری عێراق یان بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی وەک شوێنی هەڵدانی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ کراوەتەوە، پاڵپشتی حکومەت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی و پەنابردنە بەر چوارچێوە یاساییەکان لە بەرامبەر پێشێلکارییە نێودەوڵەتییەکان دووپاتدەکاتەوە". 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەستدرێژی ئاشکرای دژی کۆماری ئیسلامی ئێران شەرمەزار کرا و بە پێشێلکارییەکی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەم درا و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی شەڕ و پێشگرتن لە فراوانبوونی، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران". 

هەروەها ئامادەبووان گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ناوخۆیی کرد، لەوانە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، و دابینکردنی بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێم کرا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەی پارەی فیدراڵی.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر" پێویستی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ بەردەوامبوون لە کاری یاسادانان، هەروەها بەدواداچوون بۆ ڕێکارە دادوەرییەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی کراوەتەوە، سەرۆکی دادوەری عێراق ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی یاساکە دەیگرێتەوە گەیشتە ٢٦ هەزار و ٩١٤ کەس، هەروەها پارەی گشتی کە زیاتر لە ١٢.٩ ملیار دینار وەرگیراوەتەوە". 

کۆبوونەوەکە بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پاڵپشتیکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دابینکردنی هەموو گەرەنتییەکی پێویست بۆ هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف، هاوکات گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر بە پارەی سیاسی و دەستکاریکردنی ئیرادەی دەنگدەران کرایەوە. 



PM:10:01:22/06/2025