لەدو ڕۆژی داهاتودا پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان بەرزبونەوە بەخۆوە دەبینن، شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە بۆ سەرو ٤٠ پلەی سەدی.
ئاراس جەبار، ڕایگەیاند" لە ئەنجامی چالاكتربونی نزمەپاڵەپەستۆی زەمینی وەرزی هیندی لەم كاتەی ساڵدا و دەستپێكردنی وەرزی هاوین لەناوچەكە، لەڕۆژی چوارشەممەوە پلەكانی گەرما لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ئاسایی سێ تا چوار پلە بەراورد بە ئەمڕۆ و سبەینێ بەرزدەبنەوە و تا ماوەیەكی زۆر لەئاستێكی جێگیردا دەمێنێتەوە".
وتیشی" بەرزترین پلەكانی گەرما لەسەنتەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە نێوان ٤١ بۆ ٤٤ پلەی سەدی دەبێت، لە ئیدارەی گەرمیانیش ٤٥ بۆ ٤٧پلەی سەدی دەبێت".
ئەو شارەزای كەشناسیە باسی لەوەكرد، لەئێوارەی سبەینێوە بای باكوری ڕۆژهەڵات لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوریەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم چالاك دەبێتەوە، ڕۆژی هەینی خێرایی بایەكە كەم دەبێتەوە و شەممە كۆتایی دێت.