لیژنەی ئەمنی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە مووچەخۆران دەکات ئەو خۆپیشاندانە دوابخەن کە بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە، ئەنجامی بدەن و دەڵێت کاتەکەی گونجاو نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دەربارەی خۆپیشدانە چاوەڕوانکراوەکەی مووچەخۆران ڕایگەیاند" ئێمە لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان؛ بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی؛ دەردەبڕین و باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاودەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا؛ بەهەموو لایەکی رایدەگەیەنین؛ کە دەنگی مووچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت؛ گونجاو نابێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" بۆیە، وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو".
ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە مامۆستایان و فەرمانبەران بڕیاریانداوە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە سلێمانی خۆپیشاندانێی ناڕەزایی دژی دواکەوتنی مووچە ئەنجام بدەن.