ئێران ٣ کورد یەکێکیان خەڵکی سلێمانییە بە تاوانی سیخوڕی ئیسرائیل لە سێدارەدران



رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند " سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی شاری سلێمانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە سێدارەدران".

راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڵاویکردەوە "بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی حوزەیرانی ۲۰۲۵، سزای سێدارەی بەسەر سێ بەندکراوی سیاسی کورد؛ بەناوەکانی ئیدریس ئالی تەمەن ۳۲ ساڵ، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا".

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژی یەکەمی دەستپێکی شەڕی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە، سەبارەت بە سەپاندنی سزا و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەکان بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕەوتی دادوەریی نادادپەروەرانە هۆشداری دابوو کە لە درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە و بێ گرنگیدان بە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.

" ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە دەستبەسەرگەدا لەژێر توندترین ئەشکەنجەکاندا داندرابوون و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملێ و قەبوڵکردنی ئەو تۆمەتانەی دراوبوونە پاڵیان کرابوون و دوای ٨ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوونەوە".( هەنگاو وا دەڵێت ).




PM:02:25:25/06/2025