نەوەی نوێ: مووچە نادەن‌و ٢٣ تریلیۆن دیناریان لەبەردەستدایە

نەوەی نوێ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی شکستیخواردووە، دەڵێن " سەرۆکی حکومەتە ماوە بەسەرچووەکە جارێکی تر شکستی خۆی و جێگرەکەی سەلماندەوە و دەڵێت: مووچەمان پێ نادرێت لەگەڵ ئەوەی ٢٣ تریلیۆن دیناریان لە داهاتی ناوخۆیان لە بەردەستدایە".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، فراکسیۆنی نەوەی نوی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی " قسەکانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو جارێکی تر سەلماندی کە پارتی و یەکێتی دوو هێزی دز و شکستخواردوون و هیچ باکیان بەژیان و گوزەرانیی هاوڵاتیان نییە و پارەی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆیان زۆر لا گرنگترە لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و مووچەخۆران."

" پارتی و یەکێتی هەموو هەوڵێکیان تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و حزبەکانیانە، ئەگەرنا بەپێچەوانەی قسەکانی سەرۆکی حکومەتەوە داهاتی ناوخۆ و پارەی نەوت زۆریشی زیادە بۆ دابەشکردنی مووچە".( نەوەی نوێ وا دەڵێت ).

رۆژی چوار شەممە ٢٥ حوزەیران ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە و لە دوای کۆبوونەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە جارێکی تر پەنا دەبەنەوە بەر بەغداو سەرلەنوێ گفتوگۆ دەستپێدەکەنەوە.




PM:03:10:25/06/2025