حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی توندی لە سێدارەدانی سێ هاوڵاتی کوردی کرد و دەشڵێت" دەسەڵاتی ئێران بە ڕەشبگیری و شەپۆلی نوێی سێدارە دەیەوێ تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە خەڵک بکاتەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی حوزەیران حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی لەسێدارەدانی دوو گەنجی خەڵکی سەردەشت و گەنجێکی خەڵک پشدەر دەڵێت" لەسێدارەدانی ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ لە کاتێکدایە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەوەندەی زاندراوە سێ کەسی دیکەش هەر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە لە سێدارە دراون و ئەم بابەتە بۆتە جێگای مەترسیەکی جیددی بۆ سەر خەڵکی ئێران بە گشتی و دەسپێکی زنجیرەیەک کوشتار و لەسێدارەدانی خەڵکی بێتاوان بە تۆمەتی بێبنەمای هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا."
هەروەها دەشڵێت" هاوکات لەگەڵ لە سێدارەدانی ئەم شەش کەسە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا سەدان کەسیش لە شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی دیکەی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و تۆمەتی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیان دراوەتە پاڵ".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە" کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم دۆخەی ئێستایدا بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی ئێران شەپۆلێکی دیکە لە گرتن و لەسێدارەدانی خەڵکی وەڕی خستوە و لە هەمان کاتدا دەیهەوێ تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە خەڵک و زیندانییانی سیاسی بکاتەوە".
کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە سێ هاوڵاتی کورد بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی رایانگەیاندووە کە ئەو هاوڵاتیانە پارێزەریان نەبووە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرە مڵێ کراون.