وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت کە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستاندا بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و ڕۆژ بە ڕۆژیش لە زیادبووندایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، تا پێش ساڵی ٢٠٠٣، کوردستان و عێراق یەکێک بوون لە پاکترین وڵاتان لە ڕووی ماددەی هۆشبەر، بەڵام ئێستا بووەتە بەرهەمهێن و هەناردەکەری ماددەی هۆشبەر
ئەوەشی خستەڕوو کە هەرێمی کوردستان و عێراق بوونەتە ڕێگەی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بە تایبەتیش بۆ کەنداو، ئێران و پاکستان و ئەفغانستانیش سێ گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن.
کوێستان محەمەد ڕاشیگەیاند" لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە".
ڕوونیشیکردەوە، مانگی ڕابردوو لە کۆی ٥٧٤٦ کەس کە بە تاوانی جۆراوجۆر دەستگیرکراون، ١٥٧٦ کەسیان بە هۆی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون کە دەکاتە ٢٧.٧٪ دەستگیرکراوەکان.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاشیگەیاند، ١٤٨٦ کەس لەوانەی بە تاوانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون نێرن و ٨١ یشیان مێن.
دانیشی نا بەوەی ژمارەی بەکارهێنەران لەوە زیاترن کە دەستگیرکراون.