ناوی سەرۆک لیستەکانی یەکێتی و پارتی لە پارێزگاکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە

بڕیارە ١١ی ١١ی ٢٠٢٥  ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و ئەمڕۆش دوایین رۆژی وەرگرتنی ناوی بەربژێرانی لیستەکانە و زورینەی حزبەکانی هەرێم ناوی سەرۆکی لیستەکانیان ئاراستەی کۆمیسیۆن کردووە.
 
 سەرۆک لیستەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن
 
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی لیستەکانی دیاریکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان ، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیستەکە دەبێت لە پارێزگای هەولێر.
 
د. رێکەوت حەمەڕەشید، سەرۆکی لیستی یەکێتی دەبێت لە سلێمانی، رێبوار تەها، سەرۆکی لیستە لە کەرکووک و ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە دەبێت لە دهۆک.
 
پارتی: شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەشواق جاف و فەرهاد ئەترووشی سەرۆک لیستن
 
بەگوێرەی زانیارییەکان شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری ئێستای سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت بۆ پارێزگای کەرکووک و د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی حیزبەکە دەبێت بۆ پارێزگای سلێمانی و د. فەرهاد ئەترووشی، پارێزگاری پێشووی دهۆک سەرۆکی لیستەکە دەبێت لەو پارێزگایە.
 
بەپێی لیستی بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، د. سەلام خۆشناو، کەسی یەکەمی لیستەکەیە لە پارێزگای هەولێر، بەڵام بەرپرسێکی حیزبەکە بە میدیای پارتی وت "تاوەکو ئێستا ئەو ناوە یەکلا نەکراوەتەوە".




PM:05:25:26/06/2025