ئەردۆغان: ڕەنگە هەفتەی داهاتو لەگەڵ شاندی دەمپارتی کۆببمەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند" ڕەنگە هەفتەی داهاتو لەگەڵ شاندی دەم پارتی، دیدارێک ساز بکات و چەند بابەتێکی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ بکەن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کرد، رەنگە هەفتەی داهاتوو، لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند بایەتێکی پەیوەست بەپرۆسەی ئاشتی.

وتیشی" ئەوان و پارتەکانی دیکە دەتوانن لە پەرلەماندا ڕوونی بکەنەوە کە چی لە دەستوری نوێ تێگەیشتون لەبارەی دەستورێکی مەدەنی و ئازادیخواز".

لەبارەی پارتی گەلی کۆماری ( جەهەپە) ئەردۆغان رایگەیاند" ئەو پارتە سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی تورکیا، قسەیەکی بۆ وتن نەماوە و بوەتە دیلی ئارەزوی ژمارەیەک ڕاوکەری پۆست و پلە و پایە".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد" لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە ئاگادار کراوەتەوە، کە بەشداری گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەکات کە ڕەنگە لە ئەنقەرە بەڕێوە بچێت".




PM:07:24:26/06/2025