ئەمڕۆ هەینی هەواڵی ئازادکردنی کچێکی ئێزیدی بڵاوکرایەوە کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە ناوچەیەکی سوریا بە دیل گیرابوو، ئەوەش دوای ١١ ساڵ لە ڕفاندنی.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ کچێکی تەمەن ٢١ ساڵانی ئێزیدی دوای چەندین ساڵ لە دیل بوون لە چنگی چەکدارانی داعش ڕزگاری بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ هەشت ئەندامی خێزانەکەی ڕفێندرا، لە کاتی لەشکرکێشی گروپەکە بۆ سەر گوندی کۆجۆ لە باشووری چیای شنگال.
هەر بەپێی زانیارییەکان، کچەکە ناوی دیما ئەمینـە و توانیویەتی لە سوریاوە بگاتە تورکیا و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کەسوکارەکەی بەخێرهاتنیان کرد.
تائێستا باوکی کچەکە و دوو برای بێسەروشوێنن.
چەکدارانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کۆمەڵکوژییەکی لە دژی ئێزیدیەکانی شنگال و دەشتی موسڵ ئەنجامدا و بەهۆیەوە زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی کوژران و بریندار و ڕفاندن.