هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی دەپە (قەرەقۆچان)ـی دەم پارتی لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی و ئەندامێتی پارتەکەی راگەیاند، دەشڵێت" شێوازی بەڕێوەبردن کە هەوڵی بۆ دەدرێت لە شارەوانیی دەپە، دوورە لە خەڵک، بەهاکانی خەڵک".
سونگول دوزگون هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی دەپە (قەرەقۆچان)ـی دەم پارتی رایگەیاند" دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە. "
دوزگون لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند" لە ماوەی کارکردنیدا یەکسانیی جێندەری کۆمەڵایەتی، شارەوانیی لە پێناوی خەڵکدا و شەفافیەتی وەکو بنەما وەرگرتووە، بەڵام لەو خاڵەی ئێستا پێی گەیشتووە، لە رووی سیاسی و ویژدانییەوە درێژەدان بەو چەمکانە، ئەستەمە".
ئەو شارەدارەی دەم پارتی دەڵێت، "شێوازی بەڕێوەبردن کە هەوڵی بۆ دەدرێت لە شارەوانیی دەپە، دوورە لە خەڵک، بەهاکانی خەڵک و تێگەیشتنی بەشداری، بەتایبەتی ئەو کەسەی لە پۆستی هاوسەرۆکیدایە ئەو هەڵسوکەوتەی کردوویەتی، سیاسەتی ئازادیخوازی ژنان بێ بەها دەکات."
دوزگون رایگەیاند" شارەوانی هەوڵدەدات بکرێتە قازانج و بەرژەوەندیی کەسی، ئەم هەڵوێستەش کۆمەڵگا دابەش دەکات و بەها کولتووری، ئابووری و باوەڕی خەڵک پشتگوێ دەخات".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لەو ماویەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوسەرۆکانی شارەوانی سەر بە دەم پارت لەلایەن حکومەتی تورکیا لەسەر کار لابراون و قەیۆم جێگەیانی پڕکردووەتەوە.