لە دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران و پێنانە قۆناغێکی نوێوە، حزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵات بۆ هەماهەنگی ویەکڕیزی کۆدەبنەوە.
ماڵپەڕی کوردستان ئۆنلاین، دوێنێ ٢٦ی ٦ی ٢٠٢٥ لە هەوڵێکدا بڵاویکردۆتەوە " بە مەبەستی پتەوکردنی هەماهەنگیی سیاسی و یەکڕیزی، سەرکردایەتی حەوت حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدا".
بەپێی ئەو ماڵپەڕە، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پێکهێنانی "ئەنجومەنی هاوکاری و یەکگرتوویی” و دەستپێکردنی پرۆسەی داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ ئەم هاوکارییە بووە.
ئەو حەوت لایەنەی کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە؛ حسێن یەزدانپەنا – سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)، مستەفا هێجری – سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI)،، ڕەزا کەعبی – سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (KZK)، ئیبراهیم عەلیزادە – دەبیری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، عەبدوڵڵا موهتەدی – سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بابەشێخ حوسێنی – سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ئەهوەن چیاکۆ – نوێنەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک).
سەرکردەی ئەو لایەنانە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ڕەشنووسی میکانیزمێک بۆ هاوکارییەکانی داهاتوو ئامادە بکرێت و گفتوگۆی لەسەر بکرێت و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا پەسەند بکرێت.
ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەکات ئەم کارە دەبێتە پێشەکییەک بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی هاوکاریی فەرمی لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو تائێستا ئەم هێزانە بەیەکەوە و لەم ئاستەدا کۆنەبوونەتەوە.