پەرلەمانتارێکی پارتی: لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو رێککەوتن لەسەر مووچە دەکرێت

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت " ئەو دانیشتنانەی لەنێوان شاندی تەکنیکی هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە، لێکتێگەیشتنی باش دروستبووە و بە ئەگەری زۆرەوە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، ڕێککەوتن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی مووچە دەکرێت".

شوان کەلاری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕیکی نزیک پارتی راگەیاندووە" ئەو دانیشتنانەی کراون ئەرێنی بوون، هەموو هەوڵەکە بۆ ئەوەیە بگەینە ڕێککەوتن، بە تایبەت باسی ئەوە کراوە کۆمپانیا نەوتییەکان ڕازی بکرێن نەوت هەناردە بکەنەوە، تێڕوانینی هەردوولا ئەرێنی بووە و لەیەک نزیکن".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، شوان کەلاری دەڵێت " کۆمپانیاکانی بواری نەوت دەڵێن پێویستە گرەنتی هەبێت کاتێک ئەو نەوتەی هەناردەی دەکەین کۆمپانیای سۆمۆ شایستەکانمان لە کاتی خۆی بۆ خەرج بکات، کۆمپانیاکان دەترسن شایستەکانیان وەک مووچەی فەرمانبەرانی لێ بێت بۆیە بێ متمانەیی هەیە، بەڵام هەردوولا نزیکن لەوەی ئەمە چارەسەر بکرێت".
 
دوو رۆژە وەفدێکی چەند وەزارەتێکی بەغدا گەیشتوونەتە هەرێم بۆ چارەسەکردنی کێشەی مووچە و نەوتی نێوان بەغداو هەولێر.




PM:08:27:27/06/2025