هەپەگە رایدەگەیەنێت" تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان، زیاد کردوە و دەشڵێت، تورکیا بە هێرشەکانی، ئاستەنگ بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست دەکات."
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە دو هەفتەی ڕابردوودا بەراورد بە پێشتر، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی و سنووری زێی گەورە، زیادیان کردوە.
رونیشی کردوەتەوە، سوپای تورکیا لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٦ی حوزەیراندا، لە رێگەی درۆنەوە نۆ جار لە ناوچەکانی نزیک لە روباری زێی گەورە و ١١ جاریش لە ناوچەی مەتین لە هەرێمی کوردستان، بۆردومانی پێگەکانی پەکەکەی کردوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی هەپەگە، گەریلاکانیان لە رۆژانی ٢٤ و ٢٦ی ئەم مانگەدا، بەرپەرچی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە.
هەپەگە لە کۆتاییدا رەخنەشی لە حکومەتی تورکیا گرتوە و دەڵێت" هێرشەکانی سوپای ئەو وڵاتە، بەربەست و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست دەکەن."