سێ رۆژە کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە هەولێر بەردەوامن، سەرچاوەیەکیش دەڵێت" گفتوگۆکان تا گەیشتن بە ئەنجامی یەکلاکەرەوە بەردەوام دەبێت".
بەگوێرەی میدیای یەکێتی لە رۆژی پێنجشەممەوە کۆبوونەوەی شاندەکان دەستیانپێکردووە و ئەمڕۆ و سبەیش بەردەوام دەبن.
میدیاکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە باسی لەوەش کردوە"لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی چڕوپڕ و راشکاوانە لەبارەی دۆسییەی نەوت، داهاتی نانەوتی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە "لەبارەی نەوتەوە گفتوگۆکان زۆر باش بوون و بە ئاڕاستەی چارەسەر بوون، لەبارەی داهاتی نانەوتیشەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیی پیشانداوە ٥٠ %ـی داهات رادەستبکات، واتە زیاتر لەوەی کە مانگەکانی رابردوو رادەستکراوە".
سەرچاوەکە دەشڵێت" کۆبوونەوەکان تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنی یەکلاکەرەوە بەردەوام دەبن".
ئەوەش لە کاتێکدایە بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیارێکی وەزیری دارایی عێراق مووچەیان وەرنەگرتوە و بەرپرسانی عێراقیش دەڵێن تاوەکوو پرسی داهاتی نانەوتی و نەوتی هەرێم یەکلایی نەبێتەوە مووچە بۆ هەرێم نانێردرێت.