گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دوو ئاستی دارایی و نەوت بەردەوامە، تا ئێستا رێککەوتن لەسەر رادەستکردنی لە ٥٠٪ داهاتی ناوخۆ کراوە، بەلآم بۆ چارەسەری کێشەی نەوت وەفدێکی حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا، ئەگەر زۆرە هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی مانگی پێنج رەوانەی هەرێم بکات، بەڵام مووچەی مانگی شەش پەیوەندی بە یەکلاییکردنی کێشەی نەوتەوە دەبێت کە کێشەیەکەی ئاڵۆزە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " هەرچی داهاتی فیدراڵیە دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان دەدرێت بە بەغدا، هەرچی داهاتی ناوخۆ هەیە، لیژنەی تایبەتی دارایی و چاودێری دارایی عێراق بە هاوئاهەنگی هەرێم وردبینی مانگانە لە داهاتی ناوخۆی هەرێمدا دەکەن و نیوەی ئەو داهاتە دەدرێت بە عێراق، پێشتر هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە داهاتی ناوخۆ ٣٠٠ ملیار دینارەو لەبەر رۆشنای ئەو بڕە بەغدا داوای ١٥٠ ملیار دینار مانگانە دەکات، لە کۆتاییدا هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە لیژنە دارای و چاودێرییەکان بڕەکەی مانگانە یەکلایی دەکەنەوە.
ئەگەر زۆرە لەگەڵ پێشکەوتنی هەنگاوەکانی گفتوگۆ، ئەم هەفەتەیە بەغدا مووچەی مانگی پێنج بنێرێت و مووچەی مانگی شەش پەیوەندی بە رێککەوتنی کۆتاییەوە هەیە.
لە بارەی کێشەی نەوتەوە، ئەمڕۆ وەفدێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری سامانە سروشتیەکان بە وەکالەت کەماڵ محەمەد و ئومید سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی سودانی کۆدەبنەوەو، دەوری ناوبژیوان دەگێڕن لەنێوان کۆمپانیا بیانییەکان و حکومەتی بەگدا، تا هەوڵی رێککەوتنی نێوان بەغدا و کۆمپانیاکان بدەن.
لە ئێستادا بەغدا رۆژانە داوای ٢٨٠ هەزار بەرمیل لە هەرێم دەکات تا لە ڕێگای سۆمۆوەو بە بۆری کەرکوک - جیهان دا بینێرە تورکیا لەوێ بیفرۆشن.
ئەمرۆ
ئەپیکور، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو دوو مەرجی دانا بۆ رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپنیای سۆمۆ، یەکێکیان؛ رێککەوتنێکی نوسراو هەبێت و کۆمەڵەکە، پێشنیازیش دەکات کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان شایستەی داراییان بەشێوەی نەختینە لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهانی تورکیا وەربگرن، دەشڵێت ئەم رێکخستنە دڵنیایی دەدات کە هەموو لایەنەکان مافەکانیان بە شەفافی و خێراترین شێوە لە چوارچێوەی مەرجەکانی گرێبەستەکاندا وەربگرن.
ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای بیانی بواری نەوت پێکهاتووە و ٦٠%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش راگرتنی هەناردەش ئێستا رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.
ئەو وەفدەی هەرێم بۆ دروستکردنی متمانەو رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە دەچنە بەغدا، بەس تا ئێستا قەرزی ئەو کۆمپانیایانە کە دەخەمڵێنرێت بە ٢،٥ ملیار دۆلار، رۆشن نییە چۆن چارەسەر دەکرێت.