بەڕێوبەری بەشی پەتاكان لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەڵێت" ڕێژەی توشبون بە تای خوێنبەربون زیادیكردوە، ئاشكرایكرد هۆكاری زیادبونی توشبون بەو پەتایە دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەكردنی ڕێنماییەكان".
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی حوزەیران سائیر سەبری حسێن، بەڕێوبەری بەشی پەتاكان لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاند" ژمارەی توشبوانی تای خوێنبەربون لەسەدا ٧١ زیادی كردوە و گەیشتوەتە ١٧٩ حاڵەتی پشتڕاستكراوە، لەنێویاندا ٢٣ حاڵەتی گیان لەدەستدان و لە پارێزگای زیقار ٥٠ توشبون و یەك گیان لەدەستدان هەبوە، لە بەغداد ٢٨ توشبوون و هەشت گیان لەدەستدان هەبوە.
وتیشی" زیادبونی تووشبون بە تای خوێنبەربون بۆ چەند هۆیەك دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی هۆشیاریی تەندروستی و جێبەجێنەكردنی ڕێنماییەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشییەكە لەلایەن هاوڵاتیانەوە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ باسی لەوەشكرد دیارترین هۆیەكانی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون بریتین لە بەكارهێنانی گۆشتی توشبو بە گەنە و سەربڕینی هەڕەمەكی ئاژەڵ لەكاتی جەژنی قوربان، بۆیە پێویستە كڕینی گۆشت لە سەرچاوەی متمانەپێكراوەوە بێت.