لە سەرەتایی مانگی داهاتووەوە هەردوو هێڵی ئاسمانی قەتەری و فلای دوبەی، گەشتە ئاسمانییەكانیان لە سلێمانی دەستپێدەكەنەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەمشەو یەکشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" بەپێی ئەو خشتەیەی كە لەلایەن هێڵی ئاسمانی فلای دوبەی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی نێردراوە، لە ١ی تەموزەوە بە سێ گەشتی هەفتانە، گەشتە ئاسمانییەكانیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە دەستپێبكەنەوە".
هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێڵی ئاسمانی قەتەرییش گەشتە ئاسمانییەكانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەست پێدەكاتەوە و بەپێی ئەو خشتەیەی كە كۆمپانیاكە بۆ فڕۆكەخانەكەی ناردووە، وابڕیارە لە رۆژی ٢ی تەموز هەموو رۆژانی هەفتە، گەشتە ئاسمانییەكانیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە دەستپێبكەنەوە.
دەوایی کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە یەکەم گەشتى فڕۆکەوانى هێڵی ئاسمانى عیراق بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى و بە پێچەوانەشەوە دەستیپێکردەوە.