"پێویستە کێشەکانی هەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن"

نێچیرڤان بارزانی و رافع عیساوی ڕایدەگەیەنن" پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن". 
 
ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە رافع عیساوی، سیاسەتمەدار و جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها کاریگەرییەکانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
 
ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و دوورخستنەوەی لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە کردووەتەوە.
 
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە رێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن،" چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی تەواوی هاوڵاتییانی عێراقدایە".



PM:07:50:30/06/2025