"دادوەرە دەستلەکارکێشاوەکان دەگەڕێنەوە بۆ دادگای فیدراڵی"

سەرچاوەیەکی دادوەری ڕایدەگەیەنێت" شەش دادوەرەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، جگە لە سێ دادوەری یەدەگ، دەستلەکارکێشانەوەی ئەم دواییەیان کشاندەوە و دوای دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ دادگاکە بە فەرمی گەڕاونەتەوە سەر ئەرکی دادوەری خۆیان". 

ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ دووشەممە بە ماڵپەڕی بەغداد ئەمڕۆی ڕاگەیاندووە" دوای ئەوەی جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی پێشووی دادگاکە، بە هۆکاری تەندروستی ڕەوانەی خانەنشینی کرا، دادوەر مونتەر ئیبراهیم حسێنیش بۆ سەرۆکایەتی دادگا ڕاسپێردرا، دادوەرەکان بڕیاریاندا دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان بکشێننەوە و دەست بە کارەکانیان بکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانەوەی دادوەرەکان دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو دادگا دێت، ئەمەش لە وەڵامی مەرجەکانی بارودۆخی ئێستادا، هەروەها بۆ دڵنیابوون لە پەکنەخستنی کارەکانی باڵاترین دامەزراوەی دەستوری وڵات. 

پێشتر نۆ لە ئەندامەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە شەش دادوەر و سێ دادوەری یەدەگ بوون دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەمەش ترسی پەکخستنی بڕیارەکانی دادگای لێکەوتەوە.



PM:09:15:30/06/2025