" گەریلا چەکەکان دەسوتێنن "

بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا پەکەکە هەنگاوێکی تر بنێنت و وەک پێشاندانی " نیەت باشی " ژمارەیەک گەریلا لە مەراسیمێکدا چەکەکانیان بسوتێنن یان بشکێنن.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند " لە رۆژانی داهاتوودا مەراسیمێک بە بەشداری خەڵکانی نیشتمانی و نوێنەرانی حزبەکان و رێکخراو و میدیاکان ژمارەیەک گەریلا چەک دادەنێن و دواتر دەیشکێنن، یان دەیسووتێنن ".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گەریلایانە لە ژن و پیاو پێکدێن و ئەوانەن کە چەند ساڵێکە بەشداری شەڕیان لە دژی سوپای تورکیا کردووە، چەک دادەنێن و " ئەمەش وەک ئاماژەیەکە کە تورکیا هەر هەنگاوێکی پۆزەتیف بنێت، ئەمان ئامادەن چەک دابنێن".

تا ئێستا ژمارەی ئەو گەریلایانەو شوێنی سازدانی مەراسیمەکە دیاری نەکراوە.

هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد لە رۆژانی داهاتوودا سەرکردەی زیندانی کراوەی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆچئالانیش پەیامێکی نوێی لەو بارەیەوە دەبێت.

رۆژی ١٢ ی ئایار لە کۆنگرەی حزبەکەیاندا، پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاری چەک دانان و خۆهەڵوشانەوەی دا، بەلآم هاوئاهەنگی کرد بەو هەنگاوانە کە دەبێت لە ئایندەدا حکومەتی تورکیا لە پرۆسەی ئاشتیدا بیهاوێژێت.  




PM:02:45:01/07/2025