ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دەوڵەتی تورکیا (میت) لەگەڵ مەسعود بارزانی و هەردوو جێگرەکەی کۆبووەوە.
میدیای فەرمی دەوڵەتی تورکیا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆکی پارتی کۆبووەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاڵن هەر لە میانی سەردانەکەی بۆ هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم کۆبووەتەوە.
میدیای تورکیا دەشڵێت" لە دیدارەکەدا ئیبراهیم کاڵن جەختی لەسەر کۆتاییهاتنی بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە دیدارەکەدا باس لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کراوە و کاڵن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تورکمانەکانی عێراق دووپاتکردووەتەوە.
هەروەها شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە ماڵپەری سپی بڵاویکردەوە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا پەکەکە هەنگاوێکی تر بنێنت و وەک پێشاندانی " نیەت باشی " ژمارەیەک گەریلا لە مەراسیمێکدا چەکەکانیان بسوتێنن یان بشکێنن.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند " لە رۆژانی داهاتوودا مەراسیمێک بە بەشداری خەڵکانی نیشتمانی و نوێنەرانی حزبەکان و رێکخراو و میدیاکان ژمارەیەک گەریلا چەک دادەنێن و دواتر دەیشکێنن، یان دەیسووتێنن ".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گەریلایانە لە ژن و پیاو پێکدێن و ئەوانەن کە چەند ساڵێکە بەشداری شەڕیان لە دژی سوپای تورکیا کردووە، چەک دادەنێن و " ئەمەش وەک ئاماژەیەکە کە تورکیا هەر هەنگاوێکی پۆزەتیف بنێت، ئەمان ئامادەن چەک دابنێن".
تا ئێستا ژمارەی ئەو گەریلایانەو شوێنی سازدانی مەراسیمەکە دیاری نەکراوە.
هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد لە رۆژانی داهاتوودا سەرکردەی زیندانی کراوەی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆچئالانیش پەیامێکی نوێی لەو بارەیەوە دەبێت.