تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ دەستگیركردنی چالاكوانی مەدەنی دڵشاد زێباری سەركۆنە دەكات و "داوا دەكات تۆمەتەكانی لەسەر لاببرێت و ئازاد بكرێت".
بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ کە بڵاویانکردۆیتەوە؛ بۆ سۆراخی کوڕەکەیان، خانەوادەی دڵشاد زێباری پەیوەندییان بە ئاسایشی ئاكرێ كردووە، پێیان راگەیاندوون " دڵشاد لای ئێمەیە و سەلامەتە".
لە بڵاوکردنەوەکەدا تۆڕەکەدا، دەستگیركردنی چالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دڵشاد زێباری سەركۆنە دەكات و داوا دەكات تۆمەتەكانی لەسەر لاببرێت و ئازاد بكرێت.
دوێنێ سێ شەممە ١ی تەمووز لە ناو بازاڕی قەزای ئاكرێ سەر بە پارێزگای دهۆك، دڵشاد زێباری لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە، رفێندرا.
ئیدریس محەممەد، برای دەستگیركراوەكە لە تۆڕی فەیسبووك پۆستێكی بڵاوكردووەتەوە "هێزێكی ئەمنی لە ئاكرێ برام؛ دڵشاد زێباری خستە كونجی زیندان، بەڕێزیان پیاوێكی بە هەڵوێست و بوێر و رەخنەگرێكی دیار و چالاكوانێكی مەدەنییە لە ئاكرێ... بە هیوای ئازارنەدان و ئازادكردنی بە زووترین كات".
دڵشاد زێباری، چالاکوانێکی مەدەنییەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستی رەخنەگرانە بڵاودەكاتەوە، دواهەمین پۆستی رەخنەی تەنزئامێز بووە لەسەر مووچە.