لە ئۆپراسیۆنێکدا پۆلیسی تورکیا، سەرۆکی پێشوی شارەوانی ئیزمیر و ١٢٠ بەرپرسی سەر بە پارتی (جەهەپە)، گەورەترین پارتی بەرهەڵستکار و ڕکابەری پارتەکەی سەرۆک کۆمارە لە تورکیادا، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کرد.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردوەتەوە، لە ئۆپراسیۆنێکدا لە پارێزگای ئیزمیر، پۆلیسی تورکیا توانیویەتی ١٢٠ بەرپرسی سەر بە پارتی (جەهەپە) دەستگیر بکات.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، سەرۆکی پێشوی شارەوانیی ئیزمیر تونچ سۆیەر و شەنۆل ئەسڵان ئۆغڵو، سەرۆکی لقی ئیزمیری جەهەپە لە نێو دەستگیرکراوەکاندان.
چەند مانگێکە لە تورکیا، ژمارەیەک سەرۆک شارەوانی، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە جەهەپەن و ڕکابەری سەرەکی پارتەکەی ئەردۆغانن بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کران.
ئەمە لەکاتیكدایە، مانگی ئازاری ڕابردو، ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی دەستگیر کرا و تاوەکوو ئێستاش لە زینداندایە.