دوای جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو زیاتر لە ٢٧ هەزار فەرمانبەران و مامۆستایان لە هەرێم خانەنشین كران و سەرچاوەیەكیش لە خانەنشینی هەرێم دەڵێت" لە ١ی تەمموز نزیكەی ٥ هەزار فەرمانبەری دیكە خانەنشین كران.
میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەك لە خانەنشینی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویانكردەوە، تەنها لە ڕۆژێكدا ٥ هەزار فەرمانبەر پێكەوە تەمەنیان گەیشتە خانەنشینی، ئەویش لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەتایبەت ئەوانەی ڕێككەوتی لەدایكبوونیان كەوتۆتە ساڵانی پەنجاكان و شەستەكان و حەفتاكان، ڕێككەوتی لەدایكبوونیان لە ١ی حەوتەوە.
لە سەرژمێری گشتی ساڵی ١٩٥٧دا بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی هەرێم و عێراق ڕێككەوتی لەدایكبوونیان بە ٧/١ دانراوە و بەوەش ساڵانە لەو بەروارەدا ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر خانەنشین دەبن.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی وتویەتی، "جگە لەو ٥ هەزار فەرمانبەرە، كۆتایی مانگی ٦ نزیكەی ٢ هەزار فەرمانبەر و مامۆستای دیكە خانەنشین كراون، واتا هەر لەم ماوەیەدا ٧ هەزار فەرمانبەر خانەنشین كراون”.
ئەمە دووەم خانەنشینی بەكۆمەڵی فەرمانبەرانە، سەرەتای ئەمساڵیش كاتێك تەمەنی خانەنشینی كوردستان لەگەڵ عێراق هاوتا كرا و لە ٦٣ ساڵ كرایە ٦٠ ساڵ، زیاتر لە ٢٧ هەزار فەرمانبەر پێكەوە خانەنشین كران.