دوو میدیای پارتی لەبارەی پرسی دانوستانەکانی هەرێم و بەغداد لێدوانی دژ بە یەک دەدەن بە جۆرێک کە ئاڤا میدیا دەلێت" ڕەشنووسی ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و حکومەت ئامادەکراوە و تەنها واژۆی سودانی ماوە"، لە بەرانبەریشدا رووداو دەڵێت" تا ئێستا هیچ ڕەشنووسێک ئامادەنەکراوە و خاڵی ناکۆک لە نێوان هەرێم و بەغداد زۆرە".
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی تەمموز دوو میدیای پارتی لەوانەش ئاڤا میدیا و رووداو لە هەواڵەکانیاندا دوو ئاراستەی دژ بە یەک و جیاوازدا سەبارەت بە پرسی دانوستانەکانی نێوان شاندی هەرێم و بیغدا خستەروو.
کەناڵی ئاڤا میدیا لەو بارەیەوە رایگەیاند" مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا باسیان لەسەر خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کردووەتەوە".
کەناڵەکە دەشڵێت" ڕەشنووسی کۆبوونەوەکانی نێوان ساندی هەرێم و بەغداد تەواو بووە و لە ئێستادا تەنها واژۆی سوودانی ماوە بۆ ئەوەی ڕێکەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
بە گوێرەی ئاڤا میدیا بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکان کۆبنەوە و پرسی مووچە یەکێک لە تەوەو سەرەکییەکانی دەبێت لە کۆبوونەوەکەیاندا، دەشڵێت" سودانی ڕەشنووسی کۆبوونەوەکانی هەرێم و بەغداد دەباتە کۆبوونەوەکەوە تاوەکوو بڕیاری لەسەر بدرێت".
بەپێچەوانەی ئاڤا میدیا کە بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کەناڵی رووداو دەڵێت" دە خاڵ لە نێوان شاندی هەرێم و بەغداد تاوتوێ کراوە و لە پێنج خاڵدا ناکۆکی توند لە نێوان دوو شاند هەیە".
بە گوێرەی رووداو عێراق پێداگرە لەسەر ئەوەی پێوستە ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانە بکرێت بەڵام هەرێم داوای ١٢٠ هەزار بەرمیل دەکات بۆ بەکارهێنانی لە ناوخۆی کوردستان.
هەرەوەها بە گوێرەی رووداو پرسی تێچووی دەرهێنانی نەوتیش بووەتە جێگەی ناکۆکی، هەرێم داوای گەڕاندنەوەی تێچووی هەموو نەوتی کوردستان دەکات بەڵام عێراق ئامادە نییە تێچووی نەوتی بەکارهاتوو لە کوردستان بداتەوە.
بە گوێرەی رووداو تا ئێستا هیچ جورە ڕەشنووس یا خود ڕێکەوتنێک لە نێوان شاندی هەرێم و بەغداد نەکراوە و شاندی هەرێم گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر بۆ تاوتوێی بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم.