لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە بەهۆی شەپۆلێکی پچڕ پچری خۆڵبارینەوە ١٤٥ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا بەهۆی خۆڵبارینەوە ١٠٩ کەس توشی تەنگە نەفەسی بوون و چارەسەری پێویستیان لە نەخۆشخانەکانی کەرکوک بۆکراوە، و نەخۆشەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتوە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتووە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە سلێمانی بەهۆی كاریگەری شەپۆلی خۆڵبارینەوە ١٥ هاووڵاتی بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە و دوای ئەنجامدانی رێكارە تەندروستییەكان سەرجەمیان باری تەندروستیان جێگربووە و گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە.
بەپێی سەرچاوەکانیش لە هەولێر، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢١ کەس بەهەمان هۆکار گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەر پێویستییان بۆ کراوە.
بەپێی کەشی پێشبینیکراوی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، ئەمرۆ چوارشەممە ٢ی تەمووزی ٢٠٢٥ خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکات کاریگەری خۆڵبارین کەمتر ببێتەوە و پلەکانی گەرما نزم ببنەوە.