وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت کە داهاتی نانەوتی بەشی چارەکە مووچە ناکات و داهاتی نەوتیش هیچ بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت، ١٦٠ هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانە و ئەوی دیکە کە دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوتە".
وتیشی" حکومەتی هەرێمی کوردستان قازانج لەو نەوتە بەرهەمهاتووە ناکات و" داهاتی نەوت قازانجەکەی بۆ حکومەتی هەریمی کوردستان سفرە و ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت هیچی بۆ خۆمان نییە".
ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی عێراق داوای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی کردووە و بەشێکی بۆ کۆمپانیاکان خۆیانە، بەشێکی بۆ حکومەتی عێراق و بەشەکەی دیکە بۆ پاڵاوگەکانە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و بەنزین.
کوێستان محەمەد، سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە بە داهاتی ناوخۆ وتی: داهاتی نانەوتی بەشی چارەکە مووچەش ناکات، ئەو داهاتەی لەبەردەست وەزیری داراییە ١٦٠ ملیار دینارە.
ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێم چاوەڕێی ڕەزامەندیی سودانی دەکات بۆ ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، دەبێت مووچەی دوو مانگ بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.