لیژنەیەک بۆ دۆخی ناحیەی پردێ پێکهێنرا

بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناحیەی پردێ پارێزگاری کەرکوک لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە هەموو پۆستەکان لەو ناحیانەی پێکهاتەی جیاواز تێیدا دەژین.

پارێزگاری کەرکوک لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە، کۆبوونەوەیەک لە دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی قەزای ئاڵتون کوپری ئەنجامدرا، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردن و چارەسەرکردنیان، کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، محەمەد ئیبراهیم ئەلحافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، و یوز حەمید، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن" نەشات شاهێز و ئەحمەد ڕەمزی" بەڕێوەچوو.

بەپێی بڵاوکراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بە نوێنەری پێکهاتە جیاجیاکان، بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەی گشتگیر بە سەرجەم پۆستە ئیدارییەکان لەو قەزایانەی کە دانیشتووانی هەمەچەشنن، لە چوارچێوەی هەوڵێک بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگی و بەدیهێنانی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان.

پێشتریش ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی کەرکوک، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایشی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پلان و ڕێکارە ئەمنییەکان کرا کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری پارێزگاکە بوو، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پاراستنی کاروان و مزگەوت و حوسێنییەکانەوە هەیە لە کاتی یادکردنەوەی عاشورای ئیمام حسێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پتەوکردنی هاریکاری هەواڵگری و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی هەماهەنگی نێوان هاووڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکان کرایەوە، کە هاوکار دەبێت بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیان و خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوک.



PM:08:12:03/07/2025