وتەبێژی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ی تەمموز، یەکەم گروپی گەریلاکانی پەکەکە کە لە ٢٠ تا ٣٠ کەس پێکدێت، لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندوە، گەریلاکان بە سەرپەرشتیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چەکەکانیان لەناودەبەن.
ئەوەشخستەڕوو، هێشتا ژمارەی ئەو گەریلا بەشداربوانە دیاری نەکراوە، بەڵام رەنگە لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ گەریلا بن.
زاگرۆس هیوا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکدانان بنێت، پێویستە ئەو گۆشەگیرییەی لە زیندان بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراوە هەڵبگیرێت.
وتەبێژی کەجەکە داواشیکرد هەنگاوی دەستوری، یاسایی و سیاسی بنرێت بۆ دڵنیابونەوە لەوەی ئەو گەریلایانەی واز لە ستراتیجی خەباتی چەکداری دەهێنن بتوانن لە تورکیا تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراسی ببن.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
١٢ی ئایاری ٢٠٢٥ ، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی ١٢ی خۆی راگەیاند کە لە ٥-٧ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.