پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات کە رۆژی شەممە بەهۆی بارستە هەوای ساردی باکورەوە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو فێنک دەبێت.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە راگەیاندنێکدا دەڵێت" سبەی کەشوهەوا فێنکتر ئەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی کاریگەری بارستە هەوای ساردەکەی باکور کە دوو هەفتە بەر لە ئێستا پێشبینیەکەمان بڵاو کردەوە و ئێستاش ناوچەکە لەژێر کاریگەری ئەو هەوا سارد و فێنکەدایە و پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی زۆر نزمبووەتەوە هەر ئەمڕۆش لەبەرزایەکانی باکوری تورکیا بەفر باری و ناوچە شاخاویەکان سپی پۆشبوون".
ئەو پسپۆرە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمە یەکەمجارە لەدوای هاوینی ساڵی ٢٠٠٩ وە واتا ١٦ ساڵ لەمەوبەر لەمانگی حەوتدا ( تەمموز ) بەم شێوەیە پلەکانی گەرما نزمببنەوە.
" سبەی شەمە ناوەندی ئەو بارستە هەوایە دەگاتە ناوچەکانمان و پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ تا٣3 پلەی دیکە لەسەرجەم ناوچەکان نزمدەبنەوە و کەش فێنکتر ئەبێت و پاشان سات بۆ سات لەرۆژی یەکشەمە بەدواوە لەسەر ناوچەکانمان دوور دەکەوێتەوە و پلەکانی گەرما ڕوو لەبەرزبوونەوە ئەکاتەوە لەگەڵ چالاکبوونی بەهێزی بای باکوری رۆژهەڵات لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم") ئاراز جەبار وا دەڵێت) .
بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ سبەی شەممە:
سلێمانی: ٣٣ پلە
هەولێر: ٣٥ پلە
دهۆک: ٣٤ پلە
هەڵەبجە: ٣٤ پلە
کەرکوک: ٣٦ پلە
ئیدارەی گەرمیان: ٣٨ پلە
ئیدارەی راپەرین: ٣٥ پلە
ئیدارەی سۆران: ٣٣ پلە