زانیاری ورد لەبارەی جوڵاندنی هێزی عێراقەوە لە گەرمیان

‌وێنە.. ئەرشیف

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق پەیوەندی بە بەرپرسانی کوردەوە لە حکومەتی بەغدا کردووەو زانیاری ورد لەسەر هەواڵی جوڵانی هێز لە گەرمیان بڵاودەکاتەوە. 

کاروان یاروەیس پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق لە واڵی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیوویەتی" لەپەیوەندیماندا لەگەڵ خالد شوانی وەزیری داد رایگەیاند؛ جوڵاندنی هێز و ناردنی بۆ سەر چاڵە نەوتەکەی سەر بە ناحیەی کۆکسی ناوچەی زەنگاباد، رێکەوتنی زارەکی کراوە کە جولاندنی هێز بوەستێنرێ".

هەر ئەمشەو هەینی ٤ ی تەموز فەرماندەی گشتی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاو یکردەوە" بەپێی قسەی فەرماندە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەلانی دیالە بوونی هێزی دژەتیرۆری عێراق و کۆماندۆی کوردستان پەیوەندی بەو چاڵە نەوتانەوە نییە، بەڵکو بۆ ئەرکێکی هاوبەشی ئەمنیەوە جوڵێنراون".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت " بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ خالد شوانی وەزیری دادی عێراق و لیوا ئەکرەم سەدام فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دیالە و بەرێوبەری ناحیەی کۆکس و فەرماندە سەربازییەکان لە بەدواداچوونین".

لە لایەکی ترەوە فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت" ئەو هەواڵانەی لەبارەی جووڵەی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەندێک ناوچەی جێناکۆک بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە".

ئەمشەو هەندێک زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە لە ناوچەی گەرمیان و بەتایبەتی لە نزیک خورماتوو کە گوایە سوپای عێراق گردبوونەوەو جوڵەی بەرامبەر چەند کێلگەیەکی نەوتی پێکراوە، بەڵام تا ئێستا جگە لە رەتکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر زەویش هیچ جموجوڵێک تا ئێستا نییە. 




PM:11:40:04/07/2025