کەناڵی العهد: سوپای عێراق دەیەوێت كیڵگەی نەوتی قەمبەری سەربە ناوچەی دوانزە ئیمام كۆنتڕۆڵ بكات

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار گرژی وئاڵۆزی لە نێوان سنوری پارێزگای دیالەو پارێزگای سلێمانی،  بۆ کۆنتروڵکردنی کێڵگەیەکی نەوتی لەلایەن سوپای عیراقەوە بەرەو  پەسەرەسەندن دەچێت ئەگەر بەرپرسانی هەولێر و بەغدا هەنگاوی جددی نەنێن.

كەناڵی"العهد"ی، سەربە گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویكردووەتەوە"  گرژی و ئاڵۆزی لە دەوروبەری کێڵگەی نەوتی "قەمبەر" کە دەکەوێتە نێوان سنوری پارێزگای دیالەو پارێزگای سلێمانی، بە دیاریكراوی لە چوارچێوەی گوندی دوانزە ئیمام سەریهەڵداوە، هێزێکی ئەمنی سەربە سوپای عێراقیش بەرەو ناوچەکە جوڵەی کردووە و خەڵکی ئەو ناوچەیە جوڵەی نائاسیان بینیوە".

سەرچاوەکە وتویەتی"  یەکەکانی سوپای عێراق ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هەنگاونان بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی ئەوێ، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی سەپاندنی کۆنترۆڵی حكومەتی فیدراڵییە بەسەر ئەو شوێنە ستراتیژیانەدا، كە سەرکردەکانی پێشمەرگە ئەمەیان بە هەنگاوێکی ئیستفزازی زانیوەو، رەنگە قەیرانێکی مەیدانی لێبكەوێتەوە."

ئاماژەی بەوەشكردووە كێڵگەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە، لەکاتێکدا هۆشداری دەدرێت لە ئەگەری پەسەرەسەندنی ململانێی چەکداری، لە یەکێک لە دیارترین ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.

سەرچاوە کان ئاشکرایان کردووەتەوە کە " رەنگە قەیرانەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا بچێتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە، ئەگەر لایەنە باڵاکانی بەغدادو هەولێر هەنگاوی پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەو رێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی چەکداری نەنێن، کە رەنگە هەڕەشە لە سەقامگیری پشتێنەی سنوری جیاکەرەوەی نێوان دیالە و سلێمانی بكات".




AM:10:42:05/07/2025