رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند" لە چەند ڕۆژی داهاتووش لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبمەوە"، دەشڵێت"بە چەکدانانی پەکەکە قۆناغێکی نوێی دیموکراسی لە تورکیا دەستپێدەکات".
ئەمڕۆ شەممە ٥ی تەممووزی ٢٠٢٥، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند" چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات".
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد" لە چەند ڕۆژی داهاتووش لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبێتەوە و قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن"، دەشڵێت" بە چەکدانانی پەکەکە، قۆناغێکی نوێی دیموکراسی لە تورکیا دەستپێدەکات."
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی دەم پارتی، سەرۆکی دەزگای میت ئامادە دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ زاگڕۆس هیوا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە لێدوانێکی تایبەت بە (سپی میدیا)ی راگەیاند" ئەو سیاسەتەی تا ئێستا تورکیا پیادەی دەکات، شتێکە لە دەرەوەی ئەخلاقی سیاسەت و بنەمای ئاشتی".