وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەڵامی توندی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەداتەوە

ڕاگەیەنراوی دوێنێ شەوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كە تێیدا دەڵێت: "هێرشە درۆنیەکەی هەولێر لەلایەن چەند گروپێکی سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجام دەدرێن”، كاردانەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقی لێكەوتەوە.

محەمەد شیاع سودانی لەرێگەی وتەبێژەكەیەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، "حکومەتی فیدراڵی بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دووپاتیکردەوە کە سازشی نەکردووە و سازشی لە حیسابی رۆڵەكانی گەلی عێراق و ئاسایشیان ناكات”.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە ڕاگەیەنراوەكەدا دەڵێت"ئەو تۆمەتەی كە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمی عێراق كراوە، كارێكی رەتكراوە و ئیدانەكراوە و بەهیچ بیانوویەک قبوڵکراو نییە، بەتایبەتی کە بە غیابی بەڵگە دەرچووە، کە داوا دەکەین ئەگەر هەبێت بخرێتە بەردەم دەزگا فەرمییەکانی حکومەت".

دەشڵێت" حکومەتی فیدراڵی بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دووپاتیکردەوە، کە سازشی نەکردووە و سازشی لە حیسابی رۆڵەكانی گەلی عێراق و ئاسایشیان ناكات، هەروەها درێغی ناکات لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری یان تێکدانی ئاسایش لە سەرتاسەری عێراق بدات".

ڕاشیگەیاندووە، ئاڵنگارییەكانی ئێستا پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەک پەنا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ببەن بە راپۆرت و بەیاننامە کە دەرفەت بەوانە دەدات لە بۆسەدان بۆ دەرفەتێك بۆ زیانگەیاندن بە دامەزراوەكانی عێراق كە عێراق دەپارێزن و بەرگری دەکەن و ئاسایشەکەی دەپارێزن، هەروەها پاساو بۆ لایەنە دوژمنکارەکان دەڕەخسێنێت بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵایکردەوە" شەوی پێنجشەممە درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتەخوارەوە. ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجامدەدرێن". 




PM:03:44:05/07/2025