پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ دەڵێت" بەغدا داوایکردووە لە هەرێم کە مووچەی مووچەخۆران تەوتین بکات و ئەگەر هەرێم دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت، راستەوخۆ مووچەی مانگێک دەنێردرێت".
ئەمڕۆ شەممە ٥ی تەمموزی ٢٠٢٥، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هەرێم بە بەغدای وتوە ٢٨٢ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا ئاشکرایە بەرهەمی نەوتی هەرێم لەوە زیاترە و بە پێی دیوانی چاودێری دارایی، بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم ٤٢ هەزار بەرمیل نەوتە و هێشتا بەغدا رازییە بەو ٢٨٢ هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێم و داوادەکات رادەستی بکەن.
وتیشی" زۆرینەی کۆمپانیاکان رازین بە داواکارییەکانی بەغدا، هەروەها بەغدا داوایکردووە لە هەرێم کە مووچەی مووچەخۆران تەوتین بکات و ئەگەر هەرێم دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت، راستەوخۆ مووچەی مانگێک دەنێردرێت، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە بێباکیدا پابەندنابێت بە داواکارییەکانی بەغداوە".
باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق رەشنوسێکی نوێی لەسەر پێشنیازەکان ئامادەکردووە و چاوەڕوانی رەزامەندی هەرێمە، ئەگەر هەرێم رازیبێت بە رەشنوسەکەی بەغدا، سێشەمەی داهاتوو حکومەتی عێراق تاوتوێی دەکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ جەختیشیکردەوە، " ئێمە لە دەرەوەی حکومەتی عێراقیشین بەڵام هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری کێشەکان بەردەوامە، ئەگەر زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنین دۆخی موچەخۆران چاکدەکەین".