"بەرانبەر هێرشەکان جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە"

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە وەڵامێکی توندی حکومەتی فیدراڵی دایەوە و دەڵێت" جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن". 

ئێوارەی ئەمڕۆ ٥ی تەموزی ٢٠٢٥ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی دیكەی عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر". 

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت" بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە ساڵانی ڕابردوودا كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و موشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی موشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون".

هەروەها هاتووە" نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لە بەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر، ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بونە". 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕوونیشیکردەوە، كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاوڵاتییان و سەروەری و سەقامگیری وڵات ئەركی لە پێشینەی دامودەزگا فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.



PM:08:01:05/07/2025