کەشناسی وادەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خۆڵبارینی ڕاگەیاند

دەستەی كەشناسی عێراق پێشبینییەکانی كەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند و پێشبینی كەشوهەوای گەرم و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ دەكات.

لەبەیاننامەیەكی دەستەكەدا هاتووە" سبەی یەكشەممە، كەش و هەوا ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بای باكووری ڕۆژئاوا بە خێرایی سووك بۆ مامناوەند (١٠-٢٠) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، لە ڕۆژدا چالاك دەبێت بۆ (٣٠-٤٠) كم/كاتژمێر، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور و پلەكانی گەرما كەمێك بەرزدەبنەوە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكور". 

ئاماژەی بەوەشكرد بەرزترین پلەكانی گەرما بۆ سبەی یەكشەممە بەم شێوەیەن: بەغدا، دیالە، كەركوك، سەڵاحەدین، واست، و دیوانیە ٤١ پلە، هەولێر ٣٩ پلە، سلێمانی ٣٨ پلە، نەینەوا و ئەنبار٤٠ پلە،، كەربەلا، نەجەف، بابل، ناسریە، و موسەننا ٤٢ پلە و میسان و بەسرە ٤٤ پلە.

ئەوەشی خستەڕوو، كەشوهەوای ڕۆژی دووشەممە بەگشتی ساماڵ و گەرم دەبێت، پلەكانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت.

کەشناسی عێراق باسی لەوەشکردووە، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو كەش و هەوا ساماڵ دەبێت، پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكوور كەمێك بەرزدەبنەوە و هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو لە ناوچەی باشوور.

ڕوونیشیكردەوە، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو كەشوهەوا لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور ساماڵ دەبێت و لە ناوچەكانی باكووریش نیمچە هەور دەبێت، پلەكانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت.



AM:12:37:06/07/2025