ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان دەکات

‌ئەرشیڤ
ئەمڕۆ شاندێکی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بەسەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، لەزیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکیی پەکەکە دەکات.

پێبشینیدەکرێت سەردانەکە پەیوەندیی هەبێت بەو پەیامەی ئۆجەلان كه‌ بڕیارە لەمڕۆژانه‌دا بڵاوی بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە هەر سبه‌ینێ یان دوسبه‌ی، ژمارەیەک له‌گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا، لەڕێوڕەسمێکدا بەئامادەبونی لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و بەبەرچاوی میدیاکانەوە چەکەکانیان دابنێن.

هەرچەندە پێشتر بڕیاربوو، شاندی دەم پارتی دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی ئۆجەلان بکەن، بەڵام سەردانەکەی ئیمراڵی پێش کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان خراوە بەبێئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرابکرێت.

شاندەکەی ده‌م پارتی پێکهاتوه‌ لەپەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی، میدحەت سانجار پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ پارێزەر، دوای سەردانەکەش بڕیاروایە، دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوبکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە، لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ی  تەمموز، یەکەم گروپی گەریلاکانی پەکەکە کە لە ٢٠ تا ٣٠ کەس پێکدێت، لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن.

لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
١٢ی ئایاری ٢٠٢٥ ، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی ١٢ی خۆی راگەیاند کە لە ٥-٧ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.







PM:12:37:06/07/2025