مەسرور بارزانی و مەحمود مەشهەدانی لەبارەی مووچە پەیامێکیان بڵاوکردەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە و تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، لە هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی مەسرور بارزانی، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بەهیچ شێوەیەک بابەتی مووچە تێکەڵ بەهیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە."

هەردوولا، وەکو لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جەختیان لەوە کردەوە کە "پێویستە لە زووترین کاتدا کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند رۆژەدا کێشەکە چارەسەر بکرێت."

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، نووسینگەی مەسرور بارزانی دەڵێت" جەخت لە پێویستیی رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە".






PM:02:46:06/07/2025