شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتا چانسی ڕێککەوتن گەیشتە بەغداد


شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغداد و لەبارەی رەشنووسی ڕێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە.

 
بە پێی زانیارییەکانی سپی میدیا، ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغداد بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنوسی ئەو ڕێککەوتنەی هەفتەی ڕابردوو عێراق پێشنیازی کرد بوو، کۆبوونەوەکان لە کاتژمێر ١١ ەوە دەستیپێکردووە، بڕیارە ئەو شاندەی هەرێمی وڵامی پێشنیازەکەی عێڕاق بۆ ڕێککەوتنەکە بداتەوە. 

 شاندەکە پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت لەگەڵ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.

هەر بەپێی زانیارییەکان، رەشنووسی رێککەوتەکە لەبارەی رادەستکردن و هەناردەی نەوت لە قۆناغی کۆتاییدایە و گۆڕانکارییەکی سەرەکی کە تێیدا کراوە؛ هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەم هێندراو رادەست دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی بەغداد پێویستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات.

لەلایەکی ترەوە میدیای نزیک سەرۆکی حکومەت ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستی بەغدا ناکەن.



AM:11:47:07/07/2025