دانیشتنی دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

دانیشتنی دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن سروە عەبدولواحی وعومەر گوڵپی تمار کرابون  بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

سکاڵاکانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن هەریەکە لە عومەر گوڵپی، بەربژێری سەرکەوتووی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی کوردستان و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکرابوون و بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکان بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەمموز دادبینیان بۆ بکرێت.

عومەر گوڵپی، بە میدیای یەکێتی راگەیاند "لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە ئاگادارکراینەوە و دانیشتنەکانی دادگاکە تایبەت بە سکاڵاکەمان دواخراوە".

لەبارەی هۆکاری دواخستنەوەکە ئاشکرای کرد کە "پەیوەندیی بەوەوە هەیە لە سبەی دووشەممە حەوتی تەمموزەوە، سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵیی دەستبەکار دەبێت و لە دانانی خشتەی نوێ ئاگادارمان دەکەنەوە".

سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپییەوە لە دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا هاتووە، خولی شەشەمی پەرلەمان پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەماوەی ٤٥ رۆژدا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.

عومەر گوڵپی داوادەکات، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و سەرجەم ئەو مووچە و پاداشتانەی دراون بە پەرلەمانتاران لێیان وەربگیرێتەوە.

هەروەها داوادەکات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەند بکرێت بە زووترین کات ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بکات.

سكاڵای دووەمیش لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکەن.




PM:12:51:07/07/2025