ئەمشەو دووشەممە دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی "کوشتنی هاوڵاتییەک" ڕاگەیاند.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" ڕۆژی ٢١ی مانگی ڕابردوو، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی، شەڕ لە نێوان سێ هاوڵاتی لە قەزای خانەقین ڕوو دەدات و کەسێک بە چەقۆ لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە دەکوژرێت و دەستبەجێ شوێنی ڕوداوەکە بەجێ دەهێڵن و هەڵدێن".
ئاماژەی بەوەشكرد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دوای بەدواداچون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان لە بازگەی دەربەندیخان هەردوو تۆمەتباری ڕوداوەکەی قەزای خانەقین دەستگیربکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".