ئەمەریکا: بەهیچ جۆرێک قبوڵی ناکەین کێشەکان دواخرێت و دەبێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە

وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ڕایدەگەیەنێت" دواخستنی بێکۆتایی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا قبوڵناکەین و پێویستە بە زوویی دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکرێتەوە". 
 
ئەمڕۆ دووشەممە وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە" گرنگە کە حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە بەزوویی دەست بە وەگەڕخستنەوەی ھێلی بۆری نێوان عێراق و تورکیا بکەن".

دەشڵێت" سێ کۆمپانیای ئەمریکی بەشێوەیەکی راستەوخۆ زەرەرمەند بوون بەھۆی داخستنی بۆرییەکە، ئەمەش قبوڵکراو نییە". 
 
وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ڕاشیگەیاند" بەردەوام هانی ھەموو لایەنەکانمان داوە، تاوەکو کێشەکان چارەسەربکەن و دواخستنی بێکۆتایی ئەم بابەتە قبوڵناکەین". 



PM:08:24:07/07/2025